یارییە خۆشانە بۆ مناڵانی ئەم سەردەمە
لەئێستادا بەهۆی تەکنۆلۆژیاوە کۆمەڵێک یاریی کە منداڵانی نەوەی پێشتر بەرجەستەیان دەکرد تاموچێژێکی تایبەتی هەبوو، چونکە دەستکردێکی سانای ئەوکات بوو، بەڵام ئێستا تەکنۆلۆژیا ئەو دەستکردەی لە یاریی منداڵاندا کوشتووەو ئایپادو هاوشێوەکانی جێگایان گرتووەتەوە.
ئایپاد و پلەی ستەیشن و کۆمەڵێک ئامێری تری پێشکەوتوو وایکردووە کە منداڵان بەو یارییانە ئاشنا نەبن کە نەوەی کۆن یارییان پێدەکرد و دووربوون لە هەموو ئامێرێکی تەکنۆلۆژیا.
کۆمەڵێک لەو یارییە کۆنانەی کە نەوەکانی پێشتر بەرجەستەیان کردووە:
1-شیش و تایە...
ئەم جۆرە یارییە زیاتر کوڕان یارییان پێدەکرد و شیشێکی ئاسنینیان دەهێناو لە بەشی پێشەوە خواریان دەکردەوە (قەوس کردنەوە)، دواتر دەیان ئاڵاند لە تایەیەکەوەو بەشێوەیەکی خێرا لێیاندەخوڕی ئەمە وەک لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن منداڵانەوە حسابی بۆ دەکرا.
2-پەت پەتێن..
دوو جۆری هەیە جۆرێکیان ئێستاش باوەو وەک وەرزش تەماشا دەکرێت کە تەنیا یەک کەس ئەنجامی دەدات، بەڵام جۆرێکی تریان دوو منداڵ ئەمسەرو ئەوسەری گوریسێکیان دەگرت و دەیانخولاندەوە، منداڵی سێیەمیش بازی لەسەر دەداو هەنگاوەکانیان بۆ دەژمارد تا بزانن کێ زۆرترین باز لەسەر ئەو پەتە دەدات.
3-هەڵماتێن..
ئەم جۆرە یارییەش شوشەیەکی خڕی قەبارە بچووکی رەنگاو ڕەنگە کە پێی دەڵێن هەڵمات.. زیاتر کوڕان یارییان پێدەکرد و بە چەندین شێواز یاریی پێدەکرا، باوترینیان بازنەیەکیان دەکێشاو کۆمەڵێک هەڵماتیان تێدا ریز دەکرد، دواتر لە دووری مەترێک یان زیاترەوە دەبوو بێئەوەی دەستت بەرز بکەیتەوە هەڵماتێک ئاڕاستەی ئەو کۆمەڵە هەڵماتە بکەیت و بڵاویان بکەیتەوە "پێیدەوترا تەڕنەب".
4-چاوشارکێ..
کۆمەڵێک منداڵی کچ و کوڕ کۆدەبوونەوەو یەکێک لە منداڵەکان دەموچاوی دەنا بە دیوارێکەوەو چاوی دادەخست، هەموو منداڵەکانی تر رایاندەکرد دواتر دەبوو ئەو منداڵەی چاوی گرتووە سەرجەم منداڵەکانی تر بدۆزێتەوە کە خۆیان شاردووەتەوە.
5-خەت خەتێن..
ئەم جۆرە یارییە زیاتر کچان دەیانکرد بە پارچە دەباشیرێک یان لەتە گەچێکی رەق خەتی سپیان دەکێشاو چوارگۆشەیان دروست دەکرد لەسەر زەوی و ژمارەیان لەناو چوارگۆشەکە دەدا، دەبوو منداڵەکە لەسەر یەک قاچ پاڵ بە بەردێکی پانەوە بنێت و بەبێ ئەوەی قاچ بخاتە سەر ئەو خەتانەی کێشاویەتی تەنها دەبوو قاچ لەنێو چوارگۆشەکاندا دابنێت و بەردەکەش نەکەوێتە سەر خەتەکان.
6-مزراح..
ئەمەش جۆرە یارییەک بوو کە بە پەتێکی بەهێز "پێیاندەوت پەتی عەمەلیات" لە پارچەیەکی بەهێزەوە دەئاڵێنرا و بە هەموو هێزت دەتکێشا بە زەویداو دەخوالایەوە، سەرجەم منداڵان کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی تەماشای بکەن تا بزانن مزراحی کامیان زۆر دەخولایەوە کە چێژێکی تایبەتی پێ دەبەخشین.
7-دارلاستیک..
ئەم جۆرە یارییە زۆر مەترسیداربوو، پارچە دارێکیان بەشێوازی پیتی 7 دەهێناو ئەمسەرو ئەوسەریان بە لاستیکێک دەبەست کە توانای کشانی هەبوو، پاشان بەردێکیان دەخستە نێو کۆتایی لاستیکەکەوەو هەڵیان دەدا بۆ کوشتنی باڵندە بچووکەکانی وەک چۆلەکەو ریشۆڵە، بەڵام زۆربەی جار یان شووشەی پەنجەرەی ماڵانی دەشکاند یان سەری هاوڕێکەی.
8-دز و پۆلیس..
کۆمەڵێک منداڵ جیادەبوونەوەو بەشێکیان دەبوونە کەسایەتی دزەکەو بەشێکیان دەبوونە پۆلیس، بەو هۆیەوە پۆلیسەکان کۆڵان بە کۆڵان بەدوای دزەکاندا رایاندەکرد و دواتر ئەوەی دەستگیربکرایە بەشێوەیەکی ئاسان ئازاریان دەداو زینداێکی مندڵانەیان دروستدەکرد و دەیانخستنە ناویەوە.
9-چێشتەقولێ..
ئەم یارییەش زیاتر منداڵە کچەکان دەیانکرد.. وەک لاسایکردنەوەی دایکیان کاتێک لە ماڵەوە چۆن خواردن دروستدەکات، ئەمانیش لە کۆڵان کۆدەبوونەوەو مەنجەڵێكی زۆر بچووکیان دادەناو خواردنیان دروستدەکرد و دواتر هەموویان لێیان دەخوارد.
10-فڕی فڕی...
فڕی فڕی یارییەکە لەنێوان چەند منداڵێکدا دەکراو کەسێکیش دەبووە ناوبژیوان تا بزانن کێ کەمترین هەڵە دەکات و دەبێتە یەکەم، کەسێک بۆ نمونە ناوی گیانلەبەرێک دەهێنێت و لەو کاتەدا دەبێت پەنجەت بەرز بکەیتەوە گەر ئەو گیانلەبەرە سروشتی فڕینی هەبێت "یەکێک لە منداڵەکان دەڵێت فڕی فڕی چۆلەکە فڕی، دەبێت منداڵەکانی تر راستەوخۆ پەنجە بەرزبکەنەوە.. گەر بڵێت فیل نابێت پەنجە بەرزبکەیتەوە، چونکە فیل نافرێت و لەوکاتەدا بە کەوتوو لە یارییەکەدا ئەژمار دەکرا"