مەحیەدین حەقشناس ؛شاعێری شیرین زمانی کوردستان 
    
 شاعێری شیرین زمان و خەڵکی ، مامۆستا مەحیەدین حەقشناس ، لە ڕۆژێکی زستانی ساڵی ١٣٠٣ هەتاوی لە شاری سنە چاوی بە ئاسمانی ژیان هەڵێنا. لە ماوەی تەمەنی پڕ پیت و بەرەکەتی ٨٩ ساڵەی مامۆستا حەقشناس چەندین بەرهەمی کوردی و فارسی بە یادگاری بە جێ ماوە کە زۆرتر لە سەر شێوازی ژیانی خەڵکی کوردستان و بیرەوەریەکانی سەردەمانی پێشووی کوردستان و سنەیە ، کە بەناوبانگ ترینی ئەوان بەرهەمی شارەکەم سنەیە.
 مامۆستا حەقشناس یەکێک لە خۆشەویست ترین و خۆش زمان ترین شاعێرانی هاوچەرخی سنە و هەموو کوردستان بووە و ئەمە وای کردووە کە چەن بار وەکوو کەسایەتی فەرهەنگی کوردستان دیاری بکرێت.
 ناکرێت کە خەڵکی شارێکی جوان و فەرهەنگی وەکوو سنە بیت و ئەوینی ئەو شارە لە خامە و قەڵەمی هونەرمەندێک وەکوو مامۆستا حەقشناس ڕەنگ نەداتەوە.
 سنە شارەکەم ، شاری شیرینم
 بێشکەی لەدایک بوون ، هەلۆرک ژینم
 سنەی قارەمان ، سنەی هەڵۆ خان
 سنەی مەستوورەی شاعێر کوردستان
 جێگای پەروەرش جوانگەل دلێر
 مەحکەم وەک شاهۆ ، شوجاع وێنەی شێر
 تەکیەگای گەلم ، مەنزڵ ئەجدادم
 ئەر تۆ ئاباد بی منیش دڵشادم
 خۆشەویستی تۆ ، سنە ئایینم
 من چاوم بۆ چەس تۆ پێ نەبینم…./.
 لە مەنزوومەی شارەکەم سنە ناوی جێگا ون بووەکانی سنە و گەڕەکە کۆنەکانی ئەو شارە باس کراوە ، جگە لەمە بیرەوەریەکان و ڕەسمە کۆنە کانی خەڵکی سنە دووپات کراوەتەوە ، مامۆستا حەقشناس لەمەڕ مەنزوومەی شارەکەم سنە ئاوا ئەفەرمێت :
 «شارەکەمان سنەی خۆشەویست سەحراو سەیرانگاو کانی و باغ و ئاسار و ڕەسم و یاسا و سوننەت گەل عەزیز و زەریف فرەیەکی بوو کە وردە وردە لە بین چوون و حەتا ناویشیان کەم کەم خەریکە لە هۆش ئەچێتۆ».
 دیارە بەم وتەی مامۆستا حەقشناس مەبەستی ئەم هونەرمەندە پایەبەرزە لە نووسینی مەنزوومەی شارەکەم سنە دەر ئەکەوێت.
 ڕەنگە تەنیا شاهێدی کانیاو سەیرانگاکان و سوننەت گەلی سنە ، ئاویەر بێت کە هەردەم وەکوو پاڵپشتی شار ، سەربەرزانە ئەڕوانێتە تێپەڕینی کات و سەردەمەکان و ڕووداوەکانی سنە ، و مرۆڤ ژیانی چاو ترووکاننێکە ئەویش ژیانی کەسانێک کە لەدڵی خەڵک ئەژین و دابڕانی ئەوان لەهەر کاتێک دا زوو و ئەستەمە ؛ بەڵام ئەمە ئاکامی هەموو مرۆڤەکانە.
مامۆستا حەقشناسیش لە ٢٣ ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٢ ی هەتاویی لە شارەکەی خۆی سنە ، ماڵ ئاوایی لە ژیانی پڕ بەرکەتی خۆێ کرد .
  
  
 سەرچاوه: سایتی ئیسلاح وێب