گۆشتي سوور مرۆڤ كوژە
بەپێي توێژينەوەيەكي زانستي نوێ كە لەئەمريكا ئەنجامدراوە، گۆشتي سوور نەك هەر كاريگەري نێگەتيڤي لەسەر تەندروستي مرۆڤ هەيە، بەڵكو هۆكارێكي كاريگەريشە بۆ خێرا مردني مرۆڤ.
توێژينەوەكە دەريخستووە، خواردني گۆشتي سوور بەشێوەيەكي رێكخراو و بەردەوام، تارادەيەكي زۆر مەترسييەكاني مردني مرۆڤ بەهۆي تووشبوون بەنەخۆشييەكاني دڵ و شێرپەنجەوە بەرز دەكاتەوە.
ئاشكراشيكردووە، خواردني ماسي، گۆشتي پەلەوەر يان سەوزەي دەوڵەمەند بەپڕۆتين لەجێگەي گۆشتي سوور، رۆڵي دەبێت لەدرێژكردني تەمەني مرۆڤ.
گوێز يەكێكە لەو خواردنانەي كە توێژينەوەكە ئاماژەي پێداوە، مەترسييەكاني مردني مرۆڤ بەرێژەي 20% كەمدەكاتەوە ئەگەر لەجياتي گۆشت بخورێت.
توێژينەكە لەسەر (121) هەزارو (342) ژن و پياو ئەنجام دراوە كە بەدرێژايي زياتر لە 20 ساڵ لەدوو بنكەي تەندروستي گەورەي ئەمريكا زانيارييان لەسەر كۆكراوەتەوەو چاودێريي وردي شێوازي ژيان و تەندروستيان كراوە، ئەنجامەكانيشي لەگۆڤاري (Archives of Internal Medicine) بڵاوكراوەتەوە.
لەئەنجاميشدا زاناكان (23) هەزارو (926) حاڵەتي مردنيان تۆماركردەووە كە (5) هەزارو (910) كەسيان بەهۆي نەخۆشييەكاني دڵەوە بوون و (9) هەزارو (364) كەسيان بەهۆي شێرپەنجەوە مردوون.
پرۆفيسۆر فرانك هو، لەكۆليژي تەندروستي گشتي لەبۆستۆن وتي "ئەم توێژينەوەيە بەڵگەي ئاشكرا دەخاتە بەردەست كە خواردني بڕێكي دياريكراوي گۆشتي سوور بەشێوەيەكي بەردەوام و رێكخراو رۆڵي گەورەي هەيە لەمردني خێراو پێشوەختي مرۆڤ و لەبەرامبەريشدا بەكارهێناني خواردني پرۆتين لەسەرچاوەي تەندروست لەجێگەي گۆشتي سوور، دەبێتە هۆي گەياندني سوودێكي گەورە بەتەندروستي مرۆڤ لەرێگەي كەمكردنەوەي نەخۆشيە درێژخايەنەكان".
نها24